گەنجێک لە دیوانییە باوک، دایک و براژنی دەکوژێت و خۆیشی دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای دیوانییە، گەنجێک باوک، دایک و براژنی کوشت و برایەکیشی ئەوی کوشت.
تاریق بەرقەعاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە رووداوی گوت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی قەزای بدێر، گەنجێک باوک، دایک و براژنەکەی لەنێو ماڵی خێزانەکەیاندا کوشتووە، دواتریش براکەی دەستبەجێ ئەوی کوشتووە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکان ئێستا لە دادپزیشکین، تاوەکو ئێستا هۆکار و چۆنیەتیی روودانی تاوانەکە نادیارە، دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەیان دەستپێکردووە بۆ زانینی وردەکارییەکان و هۆکارەکانی پشت ئەم تاوانە.
دیوانییە (قادسیە) یەکێکە لە پارێزگاکانی فوڕاتی ناوەڕاست.