کۆمیسیۆن: دەنگدانی تایبەت درێژ ناکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەنگدانی تایبەت درێژ ناکرێتەوە و ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەک پرۆگرام کراون کە کاژێر 6ـی ئێوارە لە تەواوی عێراق لەکاردەکەون.
حەسەن هادی، ئەندامی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەکی دروست و باش بەڕێوەدەچێت. تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک رووینەداوە."
ئەندامەکەی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆن گوتی، "لەکاژێر 18:00 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تەواو دەبێت؛ هیچ درێژکردنەوەیەکی دەنگدان نییە، چونکە ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەک پڕۆگرام کراون کە لە کاژێر 7ـی بەیانی کەوتوونەتە کار و کاژێر 6ی ئێوارە لە تەواوی عێراق لەکاردەکەون."
حەسەن هادی گوتی، "دوای تەواوبوونی دەنگدان، داتا و زانیارییەکان لە رێگەی سێرڤەرەکانەوە دەگوازرێنەوە نووسینگەی نیشتمانی و کارتەکانی دەنگدان جیا دەکرێنەوە. ئەنجامی بەرایی دەنگدانی وێستگەکان دەدەرێتە چاودێرەکان، بەڵام ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتی بڵاودەکرێتەوە."
بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 7:00 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 15 پارێزگای عێراق لە عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد؛ تێیدا ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 565 بنکە دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش 2367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.