دەستەی میدیا: پێشێلکارییەکانی رۆژی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێژەی 20٪ کەمیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراق، ئاماری پێشلکارییەکانی یەکەم رۆژی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە و دەڵێت، 20٪ـی پێشلکارییەکان کەمیکردووە.  
 
دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 16-12-2023) تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی یەکەم رۆژی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە و دەڵێت چاودێریی 124 کەناڵی میدیایان کردووە، تێکڕای راستکردنەوەی پێشلکارییەکان لە ماوەی 5،4 خولەک بووە، 17 پێشلکاری تۆمارکراون، کە بەراورد بە ساڵی 2021ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێشێلکارییەکان بەڕێژەی 20٪ کەمبوونەتەوە.
 
لەبارەی جۆری پێشێلکارییەکان، دەستەی میدیا و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، لە تیکەری هەواڵەکاندا چوار پێشێلکاری، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی دوو پێشێلکاری و لە گەشتی هەواڵەکاندا 11 پێشێلکاری تۆمارکراون. 
 
لە کاژێر 06:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، 15-12-2023 هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن راگیرا، ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و، بڕیارە رۆژی دووشەممە (18-12-2023) دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
 
ئەلحەسەن قەبەس، ئەندامی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا 650 سەرپێچی هەڵبژاردن تۆمارکراون، کە 400ـیان چارەسەرکراون، ئەوانی دیکە رەوانەی لایەنی پەیوەندیداری کۆمیسیۆن کراون، تێیدا 15 بەربژێریان سزادراون، کە لەنێوان 500 هەزار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و سزاکەش بەپێی جۆری پێشێلکارییەکانە.