سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردن: هەندێک لە سەرپێچیکاران دراونەتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئاشکرایکرد، هەندێک لە سەرپێچیکارانیان داوەتە دادگە و بۆ دەنگدانى گشتى میمۆرى دەنگدان لە رێگەى فڕۆکەى سەربازییەوە لە پارێزگاکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەغدا.
16ـی کانوونى یەکەمى 2023، لیوا روکن قەیس محەممەداوى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان هەندێک لە سەرپێچیکارانى هەڵبژاردنیان داوەتە دادگە.
لیوا روکن قەیس محەممەداوى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتى "گواستنەوەى میمۆرى دەنگدان ئەرکى لەپێشینەمانە، چونکە سەرجەم زانیارییەکانى تێدایە و بۆ دەنگدانى گشتى، میمۆریى دەنگدان لە رێگەى فڕۆکەى سەربازی هێزى ئاسمانییەوە لە پارێزگاکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەغدا."
ئەمڕۆ، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەستی پێکرد، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان تێیدا هەیە.
لیوا روکن قەیس محەممەداوى، هاوکات جێگرى سەرۆکى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراقە، هەروەها رایگەیاند، لە هەرێمى کوردستاندا دەنگدانى تایبەتى هێزەکانى پێشمەرگە نییە (تەنیا ئەو پێشمەرگانە مافی دەنگدانیان هەیە، کە خەڵکی سنووری مادەی 140ـن."