سزاکانی سەر هێڵی ئاسمانیی عێراق درێژکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەم گەشتی فڕۆکە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دەگاتە بەغدا. راوێژکارێکی سوودانیش دەڵێت، سزاکانی ئەورووپاش لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ شەس مانگی دیکە درێژکراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای 35 ساڵ، یەکەم گەشتی ئەورووپی لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی یۆنانی AEGEAN کاژێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا.
ئەحمەد وەحید دەڵێت، "وەکو قۆناخی یەکەم، هەفتانە دوو گەشت لە رۆژانی شەممە و سێشەممەدا دەکرێت و بەپێی پلانی کۆمپانیاکەش بڕیارە گەشتەکان بکرێنە رۆژانە."
مانگی 12ـی 2015، یهكێتیی ئهورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی خستە لیستی رهشی فڕۆكهوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بههۆی پابهندنهبوونی به مهرجهكانی سهلامهتیی فڕۆكهوانییەوە.
رۆژی 4ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، یهكێتیی ئهورووپا سزاکانی تاوەکو 11ی ئەم مانگە درێژکردەوە.
هەر ئەمڕۆ، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە رووداوی گوت، "ئەم گەشتەی یۆنان هاوکاریی نێوان کۆمپانیاکانە نەوەک لابردنی سزا ئەورووپییەکان، بەڵکو سزاکان بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە درێژکراونەتەوە."
کۆمپانیا یۆنانییەکە خاوەنی 162 لقە لە جیهاندا و لە هەولێریش هەفتانە سێ گەشتی هەیە.
بە گوتەی ئەحمەد وەحید، ئەمڕۆ لە کاتی گەیشتنی یەکەمین فڕۆکەدا ئاهەنگێک بە ئامادەبوونی باڵیۆزی یۆنان، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراق ساز دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق گوتیشی، "هەر ئەمڕۆ یەکەمین کۆمپانیای عومانی دەبێتە ترانزێت لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ ئەورووپا، واتا لەمەودوا گەشتەکانی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەردەست دەبن."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.