یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ


سەرۆککۆماری عێراق رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقی دیاری کرد، کە 29ى کانوونی یەکەمی 2025 دەبێت.
 
دیاریکردنی ئەو رۆژە بە مەرسوومی کۆماریی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بووە، کە تێیدا داوای لە ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کردووە، یەکەم کۆبوونەوەیان لەو رۆژەدا بکەن، کە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبێت.
 
ئەو رێکارەی سەرۆککۆمار بەگوێرەی مادەی 54ى دەستووری عێراقە، کە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار داوا لە ئەندامانی نوێ بکات یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان بکەن.
 
لە یەکەم کۆبوونەوەەدا دەبێت سەرۆک و جێگرانی یەکەم و دووەمی هەڵبژێردرێن، وەک یەکەم هەنگاوی کارابوونی خولی نوێ و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن بۆ دەستبەکاربوونیان، ئەگەر ئەندامێکیش لەو کۆبوونەوەیە ئامادە نەبووبێت، دەتوانێت لە کۆبوونەوەیەکی دیکە سوێند بخوات".
 
بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکان، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ بەربژێری سەرۆککۆمار بکرێتەوە و لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.