دەستەی دەستپاکیی عێراق لێکۆڵینەوەی لە 'کڕینى دەنگ لە پەرلەمانى عێراق' دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەستى بە لێکۆڵینەوە کرد لەبارەى دەنگۆى بەرتیلدان بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەى دەنگ بە بەربژێرێکى دیاریکراو بدەن لە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان، یەکێک لەو پەرمانتارانەى کە دەستەکە لەسەر ئەو پرسە بانگى کردووە، دەڵێت، "بەچاوى خۆم نەمبینیوە، کە پارە خرابێتە بەردەم پەرلەمانتاران و تەنیا بیستوومە."
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى سەر بەو دەستەیە، دەستى بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەى ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن وەک بەرتیل، پارە دراوە بە هەندێک پەرلەمانتار بۆ ئەوەى دەنگ بدەن بە بەربژێرێکى دیاریکراوى سەرۆکى نوێى پەرلەمان.
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت لە پاش ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کەریم، بەربژێرى هاوپەیمانى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، نووسراویان ئاراستە نووسینگەى پەرلەمانتاران ماجید شنگالى، ئەحمەد جبوورى، رەعد دەهلەکى، حوسێن سەعبەرى، عەلی تورکی، کردووە بۆ ئەوەى سەردانى فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى بکەن، تاوەکو زانیاریی زیاتریان پێبدەن لەبارەى ئەو لێدوانانەى کە بۆ هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن لەبارەى ئەو پرسەوە داویانە.
17ـی کانووونى دووەمى 2024 ماجید شنگالى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەبارەى کڕین و فرۆشتنى دەنگ و پارە خستنە بەردەم پەرلەمانتاران لەو کۆبوونەوەیەیەى پەرلەمان، بەچاوى خۆم نەمبینیوە، بەڵکو تەنیا بیستوومە و لە لێدوانیشم بۆ راگەیاندنەکان هەروام گوتووە."
ماجید شنگالى گوتیشى: "ئامادەم بچم بۆ دەستەى دەستپاکیى عێراق و هەمان قسەش لەوێ دەکەمەوە."
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە، چاودێریی لێدوانى هەندێک لە پەرلەمانتارانیان کردووە لە دواى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان و هەندێکیان بانگەشەى ئەوەیان کردووە، کە لەلایەن کارمەندانى پەرلەمانەوە دەستەوارەیان خراوەتە بەردەم و هەندێکى دیکەشیان ئاماژەیان بەوەداوە ئەو دەستەوارەیان لە رێگەى نامەى وەستئەپەوە پێگەیشتووە.