پارێزگاری میسان: لیژنەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی تۆمەتبارێک پێکهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی تۆمەتبارێک لە پارێزگای میسان، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی گیانی لەدەستدا. لە کاتێکدا پۆلیس دەڵێت، هۆکارەکەی تەندروستی بووە؛ بەڵام برای تۆمەتبارەکە دەڵێت، براکەی "لەژێر ئەشکەنجەدا" و بە دەستی شکاوەوە گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "لەکاتی بەڕێوەچوونی رێکارەکانی دەستبەسەرکردنیدا و دوای ماوەیەکی کەم، باری تەندروستیی یەکێک لە تۆمەتبارەکان تێکچووە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق "لەپێناو شەفافیەت و پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێکردنی یاسا،" فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە.
حەبیب رەتووسی، پارێزگاری میسان ئەمڕۆ شەممە 17-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەکمان بە سەرۆکایەتیی جێگری کاروباری ئەمنی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەکە پێکهێناوە و ئەمڕۆ دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات؛ هاوکات راپۆرتی دادپزیشکیش رەوانەی بەغدا دەکرێت."
پارێزگاری میسان ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان پێیان راگەیاندوون، ئەو کەسە "بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری پێگیراوە."
برای ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رەتیدەکاتەوە براکەی بازرگانی مادەی هۆشبەر بووبێت و دەڵێت، "کڕین و فرۆشتنی بە ماڵی حەڵاڵەوە دەکرد."
براکەی باسی ساتەوەختی دەستگیرکردن و دۆخی تەرمەکە دەکات و دەڵێت، "لە دەروازەی پشکنین دەستگیریان کرد و رەوانەی عەممارە کرا؛ زۆریان ئەشکەنجە دابوو، هەردوو دەستی شکابوو و گیانی شین هەڵگەڕابوو."
برای قوربانییەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر چارەیەکمان بۆ نەدۆزنەوە، ئەوا دەبێتە کێشەی عەشایەری."