سوپای عێراق لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سوپای عێراق ئەرکی بەڕێوەبردنی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی لە ئەنبار گرتە ئەستۆ.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، "عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەرک و فەرمانە سەربازییەکانی بەسەر یەکە جیاوازەکانی سوپای کرد لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد. لیوای 65ی هێزە تایبەتەکان و فەوجەکانی سوپای عێراق لە بنکەکەدا جێگیرکران."
جگە لە هێزی پیادە، فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی سوپای عێراق لە ناو بنکەکەدا جێگیر کراون.
لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەفتەی داهاتوو بنکەی عەین ئەسەد بە تەواوی رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە."
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق دەڵێت، "پاراستنی بنکەی عەین ئەسەد لەپێشینەیە، چونکە یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین بنکە سەربازییەکانی عێراق."
ئەو بنکەیە لە پارێزگای ئەنبارە و لەدوای ساڵی 2014ەوە لەدەستی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بوو.