چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کۆببنەوە. لەکاتێکدا هەندێک لایەن باسی یەکلابوونەوەی نووری مالیکی دەکەن، لایەنەکانى دیکەى نێو چوارچێوەکە ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە.
هەریەک لە ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و عارف حەمامی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق و فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم ئەو هەواڵەیان بە رووداو گوت.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 17-1-2026، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە. عارف حەمامی دەڵێت، "بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلابووەتەوە."
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، پشتگیریی لەو قسانە کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لێکتێگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرکردنی مالیکییەوە دروست بووە و هەموو لەسەری ریککەوتوونە".
رەوتی حیکمە: رێککەوتن نەکراوە
لەلایەکی دیکەوە، فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، زانیارییەکانی دەوڵەتی یاسای رەتکردەوە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی دەگوترێت لەبارەی رێککەوتنی سەرجەم لایەنەکانی چوارچێوە لەسەر نووری مالیکی، دوورە لە راستییەوە."
بەربژێری "سازان"
حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە نزیکیشە لە قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، وێنەیەکی جیاوازتری بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو. بە بڕوای ئەو، بەهۆی نەبوونی یەکدەنگی لەسەر مالیکی، ئەگەری زۆرە کەسێکی دیکە وەکو بەربژێری "سازان" دیاری بکرێت.
بە گوتەی بەرزنجی، "ناوی چەند کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە دەهێندرێت، لەوانە ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و تارق نەجم، سەرکردە لە حیزبی دەعوە."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بە دابەشبوونی هێزەکانی نێو چوارچێوەکە کرد و رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی لە یەکدی نزیکن، لە بەرامبەردا عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی لە بەرەیەکی دیکەدان و هادی عامریش لە ناوەڕاستدایە."
بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە رای مەرجەعیەت و موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی، زۆر یەکلاکەرەوە دەبن و گوتی، "ئەستەمە موقتەدا سەدر بە بەربژێرکردنی مالیکی رازی بێت، بۆیە لە کۆتاییدا پەنا بۆ بەربژێرێکی دیکە دەبرێت."