راپرسییەک: 69٪ی عێراقییەکان متمانەیان بە محەممەد شیاع سوودانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ناسەقامگیریی عێراق چەندین ساڵە بووەتە باسوخواسی جیهان، بەڵام راپرسییەکی نوێی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی ئەمریکی دەریدەخات کە عێراقییەکان هیوایان بە وڵاتەکە زۆرە و بڕوایان بە سیاسەتی حکومەتەکەی بەرزە، بە جۆرێک 69٪یان متمانەیان بە سەرۆکوەزیرانەکەیان هەیە.
گاڵەپ Gallup کۆمپانیایەکی تایبەتی راوێژکاری و شیکارییە کە بارەگای سەرەکی لە واشنتن دی سیی ئەمریکایە. ئەو کۆمپانیایە راپرسییەکی کردووە و بۆچوونی هاووڵاتیانی عێراقی بەرامبەر حکومەت و ئابووریی وڵاتەکەیان وەرگرتووە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، "ژمارە و ئامارەکانی راپرسییەکە بەرزن و ترووسکاییەکی سەقامگیری لە ناوچەیەکی ناجێگیردا پیشاندەدەن".
متمانە بە حکومەتی عێراق
پرسیاری یەکەمی راپرسییەکە دەڵێت، "متمانە بە حکومەتی ئەم وڵاتە [عێراق] دەکەیت؟"
بەگوێرەی داتاکان، ٪56ـی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە گوتوویانە متمانەیان بە حکومەتی عێراق هەیە، ئەوەش لە ساڵی 2008ـەوە [کە یەکەمجار بوو راپرسی بکرێت] بەرزترین ئاستە، ئەوە لەکاتێکدایە لە ساڵی 2022 تەنیا ٪37ـی عێراقییەکان متمانەیان بە حکومەت هەبوو. نزمترین ئاست بۆ ئەو پرسیارە لە ساڵی 2019 بوو کە ٪29 بوو.
متمانە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆمپانیاکە دەپرسێت، "ئاستی کاری سەرکردایەتی ئەم وڵاتە قبووڵ دەکەیت یان نا؟"
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا هاتووە، "51٪ـی گەلی عێراق لە ئاست و کارامەیی سەرکردەکانی وڵاتەکەیان رازین"، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 رێژەکە ٪34 بوو. نزمترین ئاستی قبووڵکردنی سەرکردەکان لە 2019 بوو کە تەنیا 13٪ بوو.
عێراقییەکان بە چاوێکی ئەرێنییانە سەیری سەرکردایەتیی وڵاتەکەیان دەکەن و ئەوەش بەراورد بە زۆرێک لە وڵاتە دراوسێکانیان و وڵاتانی ناوچەکە زیاترە، بە جۆرێک لە ئیسرائیل رێژەکە 45٪ـە، لە ئێران 43٪، لە تورکیا 36٪، لە فەلەستین 29٪ و لە لوبنانیش کە نزمترین ئاستە 17٪.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەو ٪51ـە بە گشتی لە هەرێمی کوردستان، نێوەڕاست و خوارووی عێراق وەرگیراوە.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری 2022 پۆستەکەی وەرگرت، کاتێک عێراق لەگەڵ ناسەقامگیری و هەبوونی خۆپێشاندانەکان دەکوڵا. ئامارەکانی راپرسییەکە دەریدەخەن، سوودانی جێگەی خۆی لە دڵی زۆرێک لە عێراقییەکان کردووەتەوە و 69٪ـی هاووڵاتییانی وڵاتی دوو رووبارەکە لە ئاستی کارەکانی سەرۆکوەزیران رازین. گاڵەپ دەڵێت، "لە 2012ـەوە هیچ سەرکردەیەکی عێراق ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێناوە".
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە 55٪ـی کوردەکان لە ئاستی لێزانی و کارەکانی سوودانی رازین.
گەندەڵی
یەکێک لە برینە گەورەکانی عێراق گەندەڵییە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەڵێت، "86٪ـی عێراقییەکان پێیان وایە گەندەڵی وڵاتەکەی تەنیوە، ئەوەش یەکێکە لە رێژە هەرە بەرزەکانی جیهان تاکو ئێستا تۆمارکرابێت".
لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە، گاڵەپ باس لەوە دەکات، "زیاتر لە سێ چارەکی عێراقییەکان [76٪] پێیانوایە هەڵبژاردن لە عێراق گەندەڵی تێدا دەکرێت و راستگۆیی تێدا نییە".
متمانە بە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان
متمانەی عێراقییەکان بە دامەزراوە نێوخۆییەکان لەوانەش سوپا، پۆلیس و سیستمی دادپەروەری لە بەرزبوونەوەدایە.
لە ساڵی 2023ـدا 82٪ـی عێراقییەکان متمانەیان بە پۆلیسی وڵاتەکە هەبووە و رێژەکە حەوت پلە بەراورد بە 2022 زیادی کردووە؛ نزمترین ئاست لە 2011 بوو بە 57٪.
لەبارەی سیستمی دادوەرییەوە، ئەنجامی راپرسییەکە دەڵێت، 57٪ـی هاووڵاتییانی عێراق متمانەیان بە دادگە و سیستمی دادی وڵاتەکە هەیە کە تا تێستا بەرزترین رێژەیە تۆمارکرابێت؛ نزمترین ئاست لە 2019 بوو کە تەنیا 41٪ بوو.
متمانە بە سوپای عێراق بەرزە و رێژەکە 82٪ـە و هەمان رێژەی 2009 دووبارە بووەتەوە؛ نزمترین رێژەش لە 2011 تۆمارکراوە کە ٪54ـە.
نیشانە ئابوورییە ئەرێنییەکان
لە راپرسییەکەدا پرسیار لە عێراقییەکان کراوە، "پێت وایە دۆخی ئابووری لەو شوێنەی لێی دەژیت، باشتر یان خراپتر دەبێت؟"
لە وەڵامی هاووڵاتییاندا دەرکەوتووە کە 50٪یان پێیان وایە دۆخەکە بەرەو باشی دەڕوات و 32٪ـی خەڵکیش پێیانوایە بەرەو خراپتر دەڕوات؛ 18٪ـیش لەو بڕوایەدان کە دۆخەکە وەکو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. بەرزترین رێژەی ئەو پرسیارە لە 2013 بوو کە 51٪ بوو و نزمترینیشی 33٪ـی 2016 بوو.
بازاڕی کار
راپرسییەکە ئەوە پیشاندەدات کە بەشێکی کەمی خەڵک تروسکاییەک لە بازاڕی کار دەبینن. ٪39ـی عێراقییەکان دەڵێن، "ئێستا کاتێکی باشە بۆ دۆزینەوەی کار"، لەکاتێکدا 59٪ پێیان وانییە لەو دۆخە کار بدۆزنەوە. هەرچەندە رێژەی یەکەم کەمە بەڵام لە دە ساڵی رابردوودا ئەمە بەرزترین رێژەیە لە عێراق، ئەمە هەروەک لە راپۆرتی ئەنجامی راپرسییەکە باسکراوە.
لەبارەی بازاڕی کاری کوردستانەوە، 23٪ـی هاووڵاتییانی کوردستان دەڵێن کاتەکەی بۆ دۆزینەوەی کار لەبارە.
گاڵەپ دەنووسێت، هەموو دوو هاووڵاتییەک لە پێنج هاووڵاتیی عێراقی کە 39٪ پێکدەهێنن بە زەحمەت خواردن پەیدا دەکەن و ٪40ـیش لە هەبوونی پەناگەیەکی هەمیشەیی بێبەشن.