زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەغدا بڕیارێکی لەبارەی شەهیدانی پێشمەرگە جێبەجێ نەکردووە

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق میوانداری سەرۆکی دەزگای شەهیدان دەکات لەبارەی کێشەی مووچەی شەهیدان.  پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى بڕگەیەکی هەمواری یاسای دەزگاکە دەکەین کە جێبەجێ نەکراوە و  تایبەتە بە هەژمارکردنی شەهیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، کە لە 2024 لە پەرلەمان پەسند کراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوبات، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و میوانداری سەرۆکی دەزگای شەهیدان و خانەنشینی گشتی دەکات.
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "میوانداریکردنی سەرۆکی دەزگای شەهیدان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی مووچەی شەهیدانە کە هەندێکیان نەدراوە."
 
سروە محەممەد گوتیشی: "یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسی دەکەین، جێبەجێنەکردنی بڕگەیەکی هەمواری یاسای شەهیدانە، بۆ ئەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئاسایش و دژەتیرۆر لە ناوچە کوردستانییەکان بخرێنە سەر دەزگای شەهیدانی عێراق."
 
هەمواری یاسای دەزگای شەهیدان لە 17ی ئەیلوولی 2024 لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە. یەکێک لە هەموارەکان ئەوەیە کە یاساکە شەهیدانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بگرێتەوە، کە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان شەهید بوون.