فەرهاد ئەترووشی: دەنگدانەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان پێشێلکردنی هاوبەشییە و پەنا بۆ دادگە دەبەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هێرشێکی تووند دەکاتە سەر هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان لەسەر پۆستە باڵاکان بە "هەنگاوێکی گوماناوی" و "پێشێلکاریی دەستووری" ناودەبات و دەڵێت، پەنا بۆ دادگە دەبەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوباتی 2026 فەرهاد ئەترووشی رایگەیاند، "سەرۆکی پەرلەمان هەنگاوێکی ناوە کە دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر دەکات، ئەویش لە رێگەی پەلەکردنێکی گوماناوی لە دەنگدان لەسەر هەندێک پلەی تایبەت."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، پێش دانیشتنەکە چەندین کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران و تەنیا لەسەر هەموارکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و ناوی لیژنەکان رێککەوتن، بەڵام دواتر "بەداخەوە چەند بڕگەیەکی دیکە بۆ کارنامەکە زیادکران کە رێککەوتنیان لەسەر نەبووە."
ئەترووشی دەڵێت، تێپەڕاندنی پۆستی هەستیاری وەک "سوپاسالار" بەم شێوەیە، گومانێکی گەورە لای ئەوان و پێکهاتەکانی دیکە و هاوبەشەکانی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا پێشێلکارییەکی روونی مادەی نۆیەمی دەستوور و مادەی 37ی پەیڕەوی ناوخۆیە، ئەمە گورزوەشاندنە لە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی، هاوسەنگی و سازانی سیاسی، کە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە."
فەرهاد ئەترووشی باس لەوە دەکات، ئەم دەنگدانە لای ئەوان "هیچ جۆرە کاریگەییەکی یاسایی و کارگێڕی نییە." گوتیشی، "سەرجەم رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرینەبەر، لەوانەش پەنابردن بۆ دادگە."
لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی پەرلەمانی عێراق، لەکاتی دەنگدان لەسەر زیادکردنی بڕگەی جێگیرکردن و پەسندکردنی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا بە سوپاسالاری عێراق، دەمەقاڵییەکی تووند لەنێوان هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دروستبوو.