شیعە بۆ سەرۆکوەزیران پەنا بۆ کەناڵی دیپلۆماسی دەبات و "تاوەکو ئێستا مالیکی نەکشاوەتەوە"

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەنێو خۆیدا و لە کەناڵى دیپلۆماسیشیەوە لەگەڵ واشنتن، لە گفتوگۆی ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپدایە لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، کە بەگوتەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا "تاوەکو ئێستا نەکشاوەتەوە و بۆچوونی زۆرینەی پاڵپشتیکارى لە نێوماڵى شیعە نەگۆڕاوە."
 
کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام نەدرا، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەنجامنەدانی پەیوەندیدار بوو بە کۆبوونەوەی لاوەکیی نێوان پێکهێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە شیعەیە هەیە کە زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستەوەیە.
 
کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئەو پێکهاتەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، کە ئایا وەک خۆی بمێنێتەوە یان بگۆڕدرێت بە بەربژێرێکى دیکە.
 
سێشەممە 17ی شوباتی 2026، عەقيل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: تاوەکو ئێستا هەڵوێستى ناڕەزایەتی و رەزامەندیی پێکهێنەرانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی نەگۆڕاوە، کە بەگوتەی ئەو هێشتا زۆرینە لەگەڵیدان.
 
لەکۆی 12 پێکهێنەری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سێ لایەنیان دەنگیان بە بەربژێربوونی نووری مالیکی نەداوە. 
 
عەقيل فەتلاوی گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕیارێک لەلایەن بەڕێز نووری مالیکییەوە نییە بۆ کشانەوە."
 
24ی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاریان دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات، سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات."
 
عەقيل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەوڵی دیپلۆماسیی حکومەتی عێراق هەیە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو رەتکردنەوەیە.
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 15 رۆژ لە هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت، ئەو وادەیە تێپەڕیوە بەبێ ئەوەی ئەو هەنگاوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی دواتر سەرۆککۆماری نوێ، بەربژێری سەرۆکوەزیران رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
عەقيل ردێنی رایگەیاند: کۆبوونەوە لە نێوان پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە لەبارەی هەردوو پرسی سەرۆککۆمار و بەربژێری سەرۆکوەزیران، تەنانەت لەگەڵ ئەو لایەنانەش کە لە دژی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بوون و گوتی: "باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییان راگەیاندووە کە تێبینییان لەسەر بەربژێرکردنی مالیکی نییە."