پەرلەمانی عێراق سوپاسالاری جێگیرکرد و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ناڕازین

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی دا پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکردەوە و 22 لیژنەی هەمیشەیی پەسند کرد؛ هاوکات دەنگی لەسەر جێگیرکردنی هەریەک لە سوپاسالار و ئەمینداری بەغدا دا کە پرسی سوپاسالارەکە ناڕەزایەتی لای فراکسیۆنە کوردستانییەکان دروستکرد.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی شوباتی 2026، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی، دانیشتنی دەیەمی خۆی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردن و ساڵی یەکەمی یاسادانان کرد.
 
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا پەرلەمان دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی تایبەت بە لیژنە هەمیشەییەکان دا. بەپێی هەموارە نوێیەکە، ژمارەی لیژنەکان لە 25 لیژنەوە کرایە 22 لیژنە و لیژنەیەکی نوێ بەناوی (لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی) زیاد کرا.
 
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتاران دەنگیان دا لەسەر جێگیرکردنی فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا لە پۆستی سوپاسالاری عێراق و عەممار مووسا کازم لە پۆستی ئەمینداری بەغدا دا ، ئەوەش دوای ئەوەی بە داواکاریی پەرلەمانتاران بڕگەی دەنگدان لەسەر ئەم دوو پۆستە خرایە نێو بەرنامەی کارەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی داوایکرد بۆ "بەرقەرارکردنی هاوسەنگی لەنێوان شیعە و سوننە"، پۆستی ئەمینداری بەغدا بدرێتە سوننە، چونکە وەک خۆی گوتی، ناکرێت لە یەک کاتدا پۆستەکانی پارێزگار و ئەمینداری بەغدا بەدەست یەک پێکهاتەوە بن.
 
سوپاسالاری عێراق لە ساڵی 2003 تاوەکو 2015 لای کورد بوو، بەڵام دوای خانەنشینبوونی فەریق بابەکر زێباری لەو پۆستە لە ساڵی 2015دا، تاوەکو ئێستا ئەو پۆستە لای پێکهاتەی شیعەیە. 
 
کەوێ میرۆ بەرگارەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 17ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش دانیشتنەکە رێککەوتن کرا کە هیچ بڕگەیەکی دیکە بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیاد نەکرێ، بەڵام کاتێک کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد، ئەو بڕگەیان زیادکرد.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پارتی ناڕەزایان دەربڕی و دواتر دانیشتنەکەیان جێهێشت، چونکە پۆستی سوپاسالار پشکی کوردە و ئەو کارەی ئەمڕۆ کرا دژی بنەماکانی دەستوور بوو. 
 
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو بارەیەوە کۆبوونەتەوە و بڕیارە راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە.
 
سەبارەت بە دانیشتنەکانی مانگی رەمەزانیش، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە سەرجەم دانیشتنەکان لە کاژێر 09:00ی شەو بەڕێوەبچن. 
 
ناوی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە دانیشتنی ئەمڕۆ 17ـی شوباتی 2026 دەنگیان لەسەر دراوە:
 
1- لیژنەی یاسایی
 
2- لیژنەی دارایی
 
3- لیژنەی ئاسایش و بەرگری
 
4. لیژنەی دەستپاکی
 
5- لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان
 
6- لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
 
7- لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە
 
8- لیژنەی کارەبا و وزە
 
9- لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی
 
10- لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان
 
11. لیژنەی تەندرووستی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان
 
12- لیژنەی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمدا نین، پلاندانان، بەرنامەی حکومەت و ئەوقاف
 
13- لیژنەی گواستنەوە، گەیاندن و بەڕێوەبردن
 
14- لیژنەی رۆشنبیری، راگەیاندن، گەشتوگوزار و شوێنەوار
 
15- لیژنەی پەروەردە
 
16- لیژنەی خوێندنی باڵا
 
17- لیژنەی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە
 
18- لیژنەی کار، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خزمەتی گشتی فیدراڵی، لاوان و وەرزش
 
19- لیژنەی کۆچ، کۆچبەران، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و هۆزەکان
 
20- لیژنەی شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانی سیاسی
 
21- لیژنەی مافی مرۆڤ، ژنان، خێزان و منداڵ
 
22- لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی