نووسینگەکەی: دەنگۆی کشانەوەی مالیکی لە بەربژێربوون راست نییە


رووداو دیجیتاڵ

هیشام روكابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی بەربژێرەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، هیشام روكابی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵمەتە میدیاییە چەواشەکارانەیەی کە بانگەشە بۆ کشانەوەی بەربژێرکردنی مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە و باس لە ناوی جێگرەوە دەکەن، جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."
 
روكابی ئاماژەی بەوەش کردووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پاپەندە بە هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆیەوە" و دەڵێ، ئەو هەوڵانەی بۆ شێواندنی رای گشتی دەدرێن، سەرکەوتوو نابن.
 
ئەم قسانەی هیشام روكابی لە کاتێکدان، لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نووری مالیکی لە بەربژێربوون دەکشێنێتەوە و کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر دەکات.
 
24ی کانوونی دووەمی 2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
 
سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
 
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدان، رۆژی 13-2-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات. 
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە".