هێڵی ئاسمانیی عێراقی: چوارەم گەشت بۆ گەڕانەوەی عێراقییەکان لە هیندستانەوە ئەنجامدرا

 
رووفاو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتییان، چوارەم گەشتی نائاسایی بۆ گواستنەوەی ئەو عێراقییانە ئەنجامدرا کە لە هیندستان گیریان خواردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی کۆمپانیاکە لە فڕۆکەخانەی نیودەلهیی پایتەختی هیندستانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی عەرعەر لە عەرەبستانی سعوودیە بەڕێکەوتووە. بڕیارە دوای گەیشتنیان بۆ عەرعەر، گەشتیاران لە رێگەی وشکانییەوە بگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
 
مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانن بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوە گیریان خواردووە." جەختیشی کردووەتەوە کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی هەموو توانایەکی تەکنیکی و کارگێڕی خۆی بۆ "جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆییە" تەرخان کردووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی دەڵێت، بەرنامەی گەشتە نائاساییەکان بەردەوام دەبێت "تاوەکو زۆرترین ژمارەی عێراقییەکان دەگەڕێندرێنەوە نیشتمان."
 
بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و داخرانی ئاسمانی بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی عێراق کە بۆ مەبەستی چارەسەری یان گەشت لە دەرەوە بوون، گیریان خواردووە. حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و هێڵی ئاسمانیی وڵاتەکەوە، پڕۆسەی "پردی ئاسمانی" بۆ گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە دەستپێکردووە.