سوودانی: هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی و باڵیۆزخانەکان رەتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی کرد و تێیدا هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی و نێردە دیپلۆماسییەکانی بە تووندی رەتکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەمنی لەگەڵ فەرماندە سەربازی و هەواڵگرییەکان ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی "لە نزیکەوە ئاگاداری ئامادەیی و توانای هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان لە پاراستنی ئاسایش، موڵکی گشتی و تایبەت و ژێرخانی ئابووری وڵات."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە تووندی "هێرشە ناڕەواکانی" سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی رەتکردەوە، کە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان.
هاوکات، سوودانی جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکانی کردەوە و رایگەیاند، "ئەم هێرشانە هەوڵێکی تاوانکارانەن بۆ تێکدانی سەقامگیری، ئاسایش و سەلامەتیی عێراق."