باڵیۆزخانەی ئەمریکا درایە بەر درۆن و ماڵێکیش لە بەغدا بۆردوومانکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند جارێک هێرش کرایە سەر بنکەی پشتیوانیی دیپلۆماسی و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و درۆنێک نزیک لە باڵیۆزخانە کەوتە خوارەوە. دەنگۆی کشانەوەی سوپای عێراقیش لە قائیم بڵاوبووەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت، کشانەوەکە خۆ رێکخستنەوە بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکان بە چوار درۆن کراون و سێیان تێکشکێنراون و یەکێکیشیان لە نزیک باڵیۆزخانە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
دواتر گرووپی سەرایا ئەولیا دەم سەرجەم هێرشەکانی گرتە ئەستۆ.
هاوکات، نزیک کاژێر 03:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بە سێ مووشەک، بۆردوومانی ماڵێک لە ناوچەی جادرییەی بەغدا کرا و باس لە بەئامانجگرتنی چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی دەکەن.
بەگوێرەی میدیای نزیک لە حەشدی شەعبی، بەهۆی هێرشەکەوە شەش کەس کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی کوژراوەکان دیار نین.