وەزارەتی نەوتی عێراق: ئەگەر رێگری لە هەناردەکردنی نەوت بکرێت رێکاری یاسایی دەگرینەبەر

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق هێرش دەکاتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت، رێگریکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکووک - جەیهان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەل و نێوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی دایەوە و دەڵێت، "راگەیێندراوێکی سیاسیی حزبییە و گوزارشت لە روانگەی یاسایی و پیشەیی ناکات."
 
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو قەیرانەی لەبەر داخستنی تەنگەی هورمز دروستبووە، دەیانەوێت بە شێوەیەکی کاتی بۆریی کەرکووک - جەیهان بەکاربهێنن بۆ هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رۆژێکدا، کە ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ زیاد بکرێت، دەگاتە 450 هەزار بەرمیل. 
 
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەم بڕە نەوتە بە نرخە بەرزەکەی ئێستای بازاڕ، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە دروستبووە."
 
وەزارەتی نەوت ئاشکرای دەکات، کارکردن لە بۆریی کەرکووک-جەیهان لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستا، داوایان کردووە بۆریی نێوان وێستگەی "سارلوا" لە کەرکووک و وێستگەی "پێشابوور" بە ئاراستەی بەندەری جەیهان بەکاربهێنرێت.
 
هەڕەشەی پەنابردن بۆ یاسا دژی هەرێمی کوردستان
 
وەزارەتی نەوت جەخت دەکاتەوە، بەپێی رێککەوتنی بۆریی نێوان عێراق و تورکیا، بۆرییەکە "دامەزراوەیەکی فیدراڵییە و لەژێر بەڕێوەبردنی راستەوخۆی حکومەتی ناوەندیدایە." هۆشداریش دەدات و رایدەگەیێنێت، "داوا لە حکومەتی هەولێر دەکەین لە بڕیاری رێگریکردن لە هەناردەی نەوت پاشگەز ببێتەوە، ئەگەرنا حکومەتی فیدراڵی هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر."
 
بەغدا مەرجەکانی هەولێر رەتدەکاتەوە
 
وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات کە هەولێر پرسی هەناردەی نەوتی بەستووەتەوە بە مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و دەڵێت، مووچە کاری وەزارەتی داراییە و سیستەمی ئەسیکۆداش بۆ "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە."
 
وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، "هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم پێشێلکردنی دەستوورە، بەتایبەتی مادەکانی 110، 111 و 112ی دەستوور" و داوا لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کوردیش دەکات، دەستوەردان بکەن لەم دۆخەی کە بە "حاڵەتێکی شاز و نادروست" وەسفی کردووە. دەشڵێت، دۆخەکە "دەبێتە هۆی تێکدانی متمانە و دروستکردنی گوشاری ئابووری لەم کاتە هەستیارەدا."
 
کێشەکە کەی سەریهەڵدا؟
 
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی نەوت، دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە 15ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە رێگە بدات نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتی کردووەتەوە و ''مەرجی پێشوەختە''ـی داناوە.
 
بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، بەغدا بابەتەکەی شێواندووە و دەیەوێت رای گشتی چەواشە بکات.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئاسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکان بەردەست بێت. لەوکاتەوە هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە."
 
سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: "میلیشیا لەیاسادەرچووەکان هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گازیان کردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تاوەکو هەناردەی دەرەوە بکرێت."
 
بەڵام رۆژی دووشەممە 16ی ئادار، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق باسی لە پڕۆژەیەکیان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان کرد، بە گوتەی ئەو، "لە رێگەی هێڵێکەوە دەبێت کە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نابێت."
 
وەزیری نەوت رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکردووە و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق - تورکیا لە چاککردنەوەدایە، کە توانای ئەو هێڵە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتە.
 
بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، تەنیا 100 کیلۆمەتری هێڵەکە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت کە لە هەفتەیەکدا دەکرێت، دوای پشکنین دەتوانرێت نەوتی کەرکووک بەو هێڵەدا راستەوخۆ هەناردە بکرێت بەبێ تێپەڕین بە هەرێمی کوردستان.
 
بڕیاریشە هەر لەسەر ئەو پرسە، ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق میوانداریی هەریەکە لە، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریکارانی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات.