150 هاووڵاتیی دیکەی عێراق لە دەرەوە دەگەڕێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاروانی چوارەمی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق لە رێگەی سعودیەوە دەگەڕێندرێنەوە کە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەرەوە گیریان خواردبوو. بڕیارە 18ی ئاداریش دوو کاروانی دیکە کە دوایین کاروان دەبن لە هیندستانەوە بگەڕێندرێنەوە.
سێشەممە 17ی ئاداری 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاروانی چوارەمی ئەو عێراقییانە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەلهیی هیندستانەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سعودیە، بۆ ئەوەی دواتر بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە بۆ عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 150 کەس دەبێت".
رۆژی 15ی ئاداری 2026، یەکەم کاروانی ئەو هاووڵاتییانە لە میسرەوە گەیشتنە سعودیە و لەوێوە لە دەروازەی وشکانیی عەرعەرەوە گەیشتنەوە عێراق، کە ژمارەیان 145 کەس بوو.
مەیسەم سافی رایگەیاند، رۆژی 18ی ئادار دوو کاروانی دیکەی ئەو هاووڵاتییانە لە میسر و هیندستانەوە دەگەیێندرێنە سعودیە.
بەهۆی جەنگەوە لە 28ی شوباتەوە عێراق ئاسمانی بە رووی گەشتەکاندا داخستووە، تەنیا رێگە بۆ گەڕانەوەی عێراقییەکان لە وڵاتانی دراوسێوە و بە رێگەی وشکانییە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەو عێراقییانەی لەو شەش کاروانەدا دەگەڕێندرێنەوە 657 کەسە و تاوەکو ئێستا 307یان گەڕێندراونەتەوە.