سەعد مەعن بۆ رووداو: دەنگۆی کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قائیمی ئەنبار راست نییە


رووداو دیجیتاڵ 

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لە نەمانی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قەزای قائیم لە سنووری پارێزگای ئەنبار دەکەن و دەڵێت: "هێزەکان لە شوێنەکانی خۆیان جێگیرن."
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و باس لە کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قائیم دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە".
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی باس لەوە دەکات "هیچ فەرمانێک بۆ کشانەوەی هێزەکان لە پارێزگای ئەنبار دەرنەکراوە. هێزەکان لە شوێنەکانی خۆیانن و ئەرکە ئەمنییەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی و بە هاوئاهەنگییەکی باڵا رادەپەڕێنن."
 
ئەم روونکردنەوەیەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دوای ئەوە دێت، دوێنێ دووشەممە چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم بۆردوومان کران، لەوانەش بازگەی (شەهید حەیدەر) لە دەروازەی قائیم کە سێ جار کرایە ئامانج. بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەو بۆردوومانانەدا 8 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
 
دوای رووداوەکە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا وا نیشان دەدرا هێزەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکانی نزیک بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قائیم دەستیان بە کشانەوە کردووە.