فراکسیۆنی پارتی و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق ناکەن

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تاوتوێ بکات. پەرلەمانتارێکی کورد رایگەیاند، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکات. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکات.
 
بەگوێرەی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیارە کاژێر 09:00ـی ئەمشەو، سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا بەڕێوەبچێت، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت؛ وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان؛ بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمەکانی نەوت.
 
لەبارەی بەشداری کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی پەرلەماندا ناکات."
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و گوتی: "بڕیارە بە بەشداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەولێر و بەغدا بە شێوەی ئۆنلاین کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی نەوت و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتدان."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان "هیچ کاتێک رێگر نەبووە لە هەناردەکردنەوەی نەوت و بەپێچەوانەوە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خێرای پرۆسەکەیە."
 
هەر لەوبارەوە لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، "بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکات کە بڕیارە ئەمشەو بەڕێوە بچێت، بەهۆی ئەوەی  کە خشتەی کارەکەی بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن دانراوە، ئەمەش  پێچەوانەی مادەکانی (9) و (37)  پەیڕەوی  ناوخۆی پەرلەمانی عێراقە". 
 
فراکسیۆنەکە دووپاتی دەکاتەوە" ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی ئێستای، پێچەوانەی رێوشوێنەکانی یاسادانانە، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەین پابەند بێت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆ پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاسادانان".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێ".
 
لەبارەی نیگەرانییەکانی بەغداش، باسی لەوە کرد، "هەرێمی کوردستان رێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین". گوتیشی، پێویستە بەغدا مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و ئەو ئابڵووقەیەی هەیە لایبدات. 
 
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، ئەو نەوتەی ئێستا بەغدا دەیەوێ هەناردەی دەرەوەی بکات، قەرەبووی ئەو بڕە زۆرەی پێشتر ناکاتەوە، چونکە بە هەمووی ناکاتە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت.