پارێزگاری سەڵاحەدین: عیزەت دووری کوژرا
رووداو - تکریت
پارێزگاری سەڵاحەدین رایگەیاند، کە عیزەت دووری ئەمینداری حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە کوژراوە، جێگرەکەشی گومانی هەیە و دەڵێ "تەرمی خۆکوژێک دۆزراوەتەوە شێوەی لەو دەچێ".
رائید جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین رایگەیاند، کە ئەمڕۆ (هەینی 17/4/2015) عیزەت دووری کوژراوە.
هاوکات جاسم جەبارە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سەڵاحەددین رایگەیاند، نۆ خۆکوژ لە شاری تکریت خۆیان تەقاندووتەوە "کە یەکێکیان شێوەی لە عیزەت ئیبراهیم دووری، جێگری پێشووی سەدام حوسێن دەچێت". پەیامنێری رووداویش لە تکریت رایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکان گوتوویانە دووری لە شارەدێی عەلەم کوژراوە.
-عیزەت ئیبراهیم دووری لەدایکبووی 1حوزەیرانی 1942 لە تیرەی ئەلبوحەربەیە لە هۆزی ئەلمەواشت.
-لە ژیانی خۆیدا 5 ژنی هێناوە و 11 کوڕ و 13 کچی هەیە
-لە کودەتاکەی ساڵی 1968 پلەی مولازمی سەربازی هەبووە
-لە سەردەمی حکومی حیزبی بەعس جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شۆڕشی عێراق بووە
-پۆستی وەزیری ناوخۆ و کشتوکاڵی وەرگرتووە
-لەکاتی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەساڵی 2003 سەرکردەی ناوچەکانی باکووری عێراق بووە
-لەدوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن سوپای ئەمریکاوە وەک دیارییەک راگەیەنرا بۆ ئەو کەسەی زانیاری درووستی لەسەر شوێنی عیزەت دووری هەبێت
-ناوی لەنێو لیستی 55 داواکراوەکەی ئەمریکادا هەبووە
-پاش رووخانی رژێمی بەعس، وەکو ئەمینداری گشتی حیزبی بەعس خۆی ناساند
-لە ساڵی 2009 بەرەی جیهاد و رزگاری لە عێراق راگەیاند
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس ئەمە دووەمجارە هەواڵی کوژرانی عێزەت دووری بڵاودەبێتەوە. لە 11ی نۆڤێمبەری 2005 حیزبی بەعس مردنی دووری راگەیاند، بەڵام دواتر رەتکرایەوە. دوایین هەواڵی عیزەت دووری لە 7ی نیسانی 2015 بوو، کاتێک بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی بەعس تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە.