وەزارەتی کارەبای عێراق: هیچ کۆمپانیایەکی بیانی عێراقی جێنەهێشتووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، هیچ کام لەو کۆمپانیا بیانییە جیهانییانەی لە کەرتی کارەبادا کاردەکەن عێراقیان جێنەهێشتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو گرێبەستەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخان وەک خۆیان بەردەوامن.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی هەینی،17ـی نیسانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هەموو کۆمپانیا ئەمریکی، ئەڵمانی، ئێرانی، چینی، کۆری، تورکی و ئەوانی دیکەش، بە شێوەیەکی ئاسایی لە کارەکانیان بەردەوامن."
 
ئەحمەد موسا عەبادی گوتی، گرێبەستە درێژخایەنەکانی نۆژەنکردنەوە و پڕۆژەکانی ژێرخانی کارەبا بێ هیچ دواکەوتن و وەستانێک جێبەجێ دەکرێن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ئەو کۆمپانیایانە بەپێی رێنماییەکانی حکومەت و وەزارەت، ئێستا ناوەندی کارکردنیان لەنێو عێراق هەیە و بە شێوەیەکی خولی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەت ئەنجام دەدەن؛ گوتیشی: "ژینگەی کارکردن سەقامگیرە و هیچ کۆمپانیایەک گرێبەستەکەی هەڵنەوەشاندوەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا ماوەیەکە کار لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و گاز دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا کارکردن لە هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش وەرزی هاوین ئامادە بن.
 
هاوکات، کارکردن بۆ تەواوکردنی سەکۆی گازی شل لە بەندەری خۆر زوبێر لە بەسرە بەردەوامە تاوەکو بڕی پێویستی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان دابین بکرێ. جگە لەوەش، پڕۆژەکانی وێستگەی وزەی خۆر و سیستمی زیرەکی کارەبا بۆ کۆنترۆڵکردنی بارگرانی و رێکخستنی بەکارهێنانی وزە، هەنگاوی باشیان بڕیوە.