باوک و کوڕێک لە واست خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ

باوک و کوڕێک کە لە شاری بەغداوە چووبوونە قەزای بەدرەی پارێزگای واست، خنکان.
 
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای واست، ئەمڕۆ شەممە 17ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵکی بەغدا بوون، سەردانی خزمێکیان لە قەزای بەدرە کردبوو و ئێوارەی دوێنێ لە رووباری گەڵاڵە خنکان.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای واست گوتی، سەرەتا باوکەکە چووەتە نێو رووبارەکە بۆ مەلەکردن، بەڵام رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و کوڕەکەشی خۆی فڕێداوەتە نێو رووبارەکە و هەردووکیان خنکاون.
 
عەلی محەممەد رایگەیاند، تەرمی هەردوو هاووڵاتییەکە لەلایەن خەڵکی نزیک لە شوێنەکە دەهێنراوە و رەوانەی پزیشکی داد کراون.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای واست، ئاوی رووباری گەڵاڵە تاڕادەیەک زۆرە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.