سەدر بۆ کۆمکاری عەرەبی: لەگەڵ سووریایەکی دیموکراسی بن کە تووندڕۆیی و تائیفیەتی تێدا نەبێت
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا، داوای لە شاندەکان کرد دژی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بن؛ داوایشی لێکردن لەگەڵ سووریایەکی دیموکراسی بن کە تووندڕۆیی و تائیفیەتی تێدا نەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی ئایاری 2025، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا نووسی: "یەکڕیز بن دژی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیزم، ئیدی دۆخەکە هەرچۆنێک بێت".
موقتەدا سەدر بە شاندەکانیشی گوت: "یەکڕیز بن بۆ سەرخستنی براکانتان لە غەززە، لوبنان و یەمەن. یەکڕیز بن لەگەڵ براکانتان لە سوودان و لیبیا؛ یەکڕیز بن لەگەڵ سووریایەکی دیموکراسی کە تووندڕۆیی و تائیفیەتی تێدا نەبێت."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بە شاندەکانیشی گوت: "یەکڕیز بن لەگەڵ عێراقەکەتان تاوەکو بە چاکسازی و سەربەخۆیی پێشبکەوێت."
سەدر لە کۆتایی تویتەکەی دا دەڵێت، "لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە هەموو شەڕ و خراپەیەک لە ناوچەی عەرەبی دووربخاتەوە. لە شەڕی داگیرکاری، دروستکردنی پەیوەندی و دەستوەردانی خۆبەزلزانانەی ئەمریکا دووری بخاتەوە".