گۆتێرێز بۆ رووداو: کورد بەشێکی دانەبڕاوی سووریایە

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆڕبەندی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب کە لە بەغداد بەڕێوەچوو بە رووداوی راگەیاند، سەرسامە بە پەرەسەندنە ئەرێنییەکانی عێراق. گوتیشی، کورد بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا. 
 
رۆژی 17ـی ئایاری 2025، کۆربەندی وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو میوان بەشداری تێدا کرد. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد. 
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا راگەیاند، "پێش هەموو شتێک، پێویستە بڵێم کە بە پەرەسەندنە ئەرێنییەکانی عێراق سەرسامم". گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە هێشتا چەند پرسێکی هەڵواسراو ماونەتەوە، بەڵام متمانەم هەیە کە بە هاوئاهەنگی ئەو پرسە هەڵواسراوانە بە تەواوی چارەسەر بکرێن."
 
سەبارەت بە دۆخی کورد لە سووریا گۆتێرێز گوتی، "گرنگە دان بەوەدابنرێت کورد بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا. لەبیرمە چەند ساڵێک پێش ئێستا، هەوڵم دەدا حکومەتی سووریا رازی بکەم کە پێویستە پێنەدانی ناسنامە بە کورد کۆتایی بێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە کورد هاووڵاتیی سووریایین و هاووڵاتییانی سووریاییش دەبێت بەشداری تەواوەتییان لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەیان و داهاتوویاندا هەبێت."
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی پار، گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا. 
 
رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا کۆبوونەوە. دواتر، ژمارەیەک رێککەوتنیان واژۆکرد. 
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوام بەو گفتوگۆیە هەیە کە لە نێوان سەرکردایەتی دیمەشق و سەرکردایەتی ناوچە کوردییەکاندا هەیە".