فوئاد حوسێن بۆ رووداو: پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لە کابینەی عەلی زەیدی دا چاک دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ،حکومەتی نوێی عێراق جیاوازە و بەرنامەی خۆی هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "پشتیوان بە خودا، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لەم حکومەتەدا چاک دەبێ."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کرد و گوتی، "هەر حکومەتێک کار و بەرنامەی خۆی هەیە. قۆناخەکەش جیاوازە. پشتیوان بە خودا، هەموولایەک کاردەکەین بۆ سەرکەوتنی ئەم حکومەتە بۆ ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی عێراق بێ. پشتیوان بە خودا، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چاک دەبێ."
 
لەدوای دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی پەرلەمانی عێراق و دەنگنەدان بە بەشێک لە بەربژێرەکان، ئێستا هەوڵێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک بەناوی (هاوپەیمانیی بەهێزەکان) هەیە. لەوبارەوە فوئاد حوسێن گوتی، "پارتەکان خەریکن، دانیشتنی زۆر هەیە، نازانم ناوەکەی چی دەبێ، کۆمەڵێک هێز سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی یان لێکتێگەیشتنێکن."
 
لەبارەی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە نێو هاوپەیمانییەوە، فوئاد حوسێن کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە گوتی، "نازانم، جارێک لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ."
 
فوئاد حوسێن لەبارەی دۆخی ناوچەکەش قسەی کرد و گوتی، "لە هەفتەکانی ئەم دواییەدا پەیوەندییەکان بەتایبەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنەداو بوونە قوربانی جەنگی ناوچەکە. بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کاری لەپێشینەی وەزارەتە، دەستەجێ کار بۆ چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییانە دەکەین. پەیوەندییەکان نەپچڕاون، بەڵام هەندێک کێشە بەم دواییانە روویاندا، پێش پێکهێنانی ئەم حکومەتە. پشتیوان بە خودا، لە سەرووبەندی چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییەداین."
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات دەستی پێکرد و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش چوونە نێو جەنگەکەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ى ئەمریکی کە رۆژی 21ی نیسانی 2026 بڵاوکرایەوە، نیوەی ئەو 1,000 هێرشە درۆنییەی لە کاتی جەنگەکەدا ئاراستەی سعودیە کران لە نێو خاکی عێراقەوە بوون.