وەزیری دارایی داوای زیادکردنی داهات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق دوای دەستبەکاربوونی لە یەکەم لێدوانیدا رایگەیاند، قۆناخی ئێستا پێویستی بە کارێکی نائاسایی و بەڕێوەبردنێکی لێهاتووانەیە. داوا لە دەستە و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەی دەکات داهاتی گشتی زیاد بکەن.
فالح ساری، ئەمڕۆ یەکشەممە, 17ی ئایاری 2026، بە فەرمی وەک وەزیری دارایی عێراق دەستبەکاربوو، دواتر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکەی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی کارە لەپێشینەکانی قۆناخی داهاتوو و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی ئاستی دارایی و کارگێڕی.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی لەوە کردووەتەوە "دۆخی ئێستا پێویستی بە کارێکی نائاسایی، بەڕێوەبردنێکی لێهاتووانە و رێکاری دارایی تووند هەیە." هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و کارکردن بە گیانی تیمی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و داراییەکان.
فالح ساری داوای لە دەستە و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەی کرد کە داهاتە گشتییەکان زیاد بکەن تاوەکو حکومەت بتوانێت پابەندبوونە داراییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەت لە بەر رۆشنایی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بازاڕەکانی وزە بوونەتەوە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی وڵات بۆ ئاستێکی بێپێشینە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی ئاماژەی بە دیاریکردنی کاتی دەستنیشانکراو کرد بۆ تەواوکردنی دۆسیەکان و گوتی: "قۆناخی ئێستا پێویستی بەو بەرپرسانە هەیە کە توانای دەستنیشانکردنی کێشەکان و پێشکێشکردنی چارەسەری کردەیییان هەبێت، پێوەری سەرکەوتن یان شکستی هەر بەڕێوەبەرێکیش، رادەی ئەنجامدانی کارەکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دەبێت."