سەباح نوعمان: کارنامەى حکومەتى نوێ پابەندبوونێکی تەواوی تێدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: بنەمای ستراتیژیی یەکەمی کارنامەی حکومەتی نوێ، بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەییە و پابەندبوونێکی تەواو هەیە بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا وەک هەنگاوی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەکانی چەکدارى دەرەوەی چوارچێوەی یاسا.
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئادارى 2026، سەباح نوعمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: چارەسەری دروست کە عێراق پەنای بۆ دەبات دوورکەوتنەوەیە لە میحوەرەکانی ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
 
لە کارنامەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی کە لە 14ـی ئایار لە پەرلەمان پەسەند کرا، ئاماژە بە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان کراوە هەروەها جەخت لە یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوەکان بە سیستمی فەرمیی دەوڵەت کراوەتەوە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەری فرە سەرچاوەیی و رێگری لە تێکهەڵچوونی دەسەڵاتەکان بەیەکدی، کارنامەی حکومەت رێکخستنێکی تووندوتۆڵی دیاریکردووە بۆ یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو تواناکان بە سیستمی فەرمیی دەوڵەتەوە و هەموو گرووپە چەکدارەکان بەگوێرەی ئەو رێڕەوە دەچنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی و بڕیاری ئەمنی یەکگرتووی دەوڵەت.
 
پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەکاتێکدایە ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسیدایە بەهۆی گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: عێراق پەیڕەوی بنەمایەکی ئەمنی و سیاسی دەکات بۆ دیپلۆماسی و خۆپارێزیی لە ئیدارەدانی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ و رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە رێڕەوێک یان پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە و رێگەنەدان بە وڵاتانی دیکەش بۆ هێرشکردنە سەری.