ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق: چوارچێوەى هاوئاهەنگى پرسى مووچە و ناکۆکییە سیاسیەکان تێکەڵ ناکات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیی عێراق دەڵێت، پێویستە پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەدەر لە گوشار و ناکۆکییە سیاسییەکان تاوتوێ بکرێت و بۆ ناردنى مووچەش ئاماژە بە دوو هەنگاو دەکات کە بریتین لە بەجێکردنى مووچە و ناوەندێتیی هەناردەى نەوت.
 
عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق بە رووداوى راگەیاند: "مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پرسێکى نیشتمانییە و پێویستە بەدەر لە گوشار و ناکۆکییە سیاسییەکان تاوتوێ بکرێت. ئەم پرسە جێگەى بایەخی زۆرى هێزەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە".
 
عەلى دیفاعى گوتى، "دەبێت گەلەکەمان لە هەرێمى کوردستان شایستەى سرووشتیى خۆیان لە مووچە وەربگرن. ئەمە پرسێکە ناکۆکى لەسەر نییە. کێشەکە پەیوەندیدارە بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى و پابەندنەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەجێبەجێکردنى ئەو بڕیارە کە بریتییە لە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و ئەوەى هەناردەکردنى نەوت دەبێت ناوەندی بێت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ". 
 
حکومەتى فیدراڵیى عێراق مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانی نەناردووە. 28ـی ئایار تەیف سامى، وەزیری دارایی فیدراڵ بە نووسراوى فەرمى هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە.
 
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق گوتى:"بڕیارى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى روونە کە دەبێت (مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان) هاوشێوەى هەموو فەرمانبەرانى پارێزگاکانى عێراق مووچە وەربگرن؛ نە هیچ کەسێک لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و نە سەرۆکوەزیرانیش پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و ناکۆکییە سیاسییەکان تێکەڵ ناکەن. ئەمە پرسێکى یاساییە. لە پرسى پارەدان لە گەنجینەى دەوڵەت، وەزارەتى دارایی ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات و پێشێلى بڕیارى دادگەى فیدراڵى بکات".
 
بە گوتەى عەلى دیفاعی، چارەسەرى ئەو پرسە بە دوو هەنگاوە کە بریتین لە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و ناوەندێتى هەناردەى نەوت. 
  
2ـی شوباتى 2025 پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتی پەسندکرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
 
بە گوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.