ئەمیندارى کەتائیبی سەیدولشوهەدا: ئەمریکا سیستمى چاودێریی عێراقى کوژاندووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمیندارى کەتائیبی سەیدولشوهەداى عێراق دەڵێت، ئەمریکا سیستمى چاودێریی ئاسمانىی عێراقى بۆ تێپەڕینى فڕۆکەکانى ئیسرائیل کوژاندووەتەوە و داوا دەکات نوێنەریان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەربکرێت. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانى 2025، ئەبوئالا وەلائی، ئەمنیدارى گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەداى عێراقى لە تۆڕى ئێکس نووسی، ئەمریکا سیستمى چاودێریى عێراقى کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەى رێڕەوى ئاسمانى بۆ فڕۆکەکانى ئیسرائیل لە ئاسمانى عێراق بکاتەوە کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، بۆ ئەوەى ھێرش بکاتە سەر کۆمارى ئیسلامیی ئێران. 
 
کەتائیبی سەیدولشوهەداى عێراقى یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران. 
 
ئەبوئالا وەلائی ئاماژەى بەوە داوە ئەو پرسە پێویست بەوە دەکات نوێنەرى ئەمریکا لە ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق دەربکرێت.
 
لە 13ـی حوزەیرانەوە مووشەک، درۆن، فڕۆکەى ئێران و ئیسرائیل بەسەر ئاسمانى عێراقدا دەنێردرێن بۆ پێکانى ئامانجەکان دژى یەکدى، لە کاتێکدا هەردوو وڵات نزیکەى هەزار کیلۆمەتر لە یەکدییەوە دوورن.
 
ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، پاڵپشتى حکومەتى عێراق دەکەن لە رێوشوێنەکانى بۆ بەهێزکردنى هێزى بەرگریی ئاسمانى لە رێگەى سیستمى دژە فڕۆکەى پێشکەوتوو بۆ پاراستنى ئاسمانى عێراق لە پێشێلکارییەکان و پاراستنى سەروەریى وڵات و ئاسایشەکەى.
 
16ى حوزەیران سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئاسمانى عێراق بە دەست هێزەکانى هاوپەیمانانەوەیە و سیستمى چاودێریى ئاسمانى عێراق تەواو نەبووە و لەنێوان کورت، مامناوەند و بەرزدان و دەتوانن 65%ـی ئاسمانى عێراق رووماڵ بکەن".