فوئاد حوسێن: عێراق بەکارهێنانی ئاسمانەکەی بۆ جەنگ رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، جەخت لە سیاسەتی نەگۆڕی عێراق دەکاتەوە کە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لە جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا رەتدەکاتەوە. هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکاش ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتەکەی مکوڕە لەسەر ئەوەی بەشداری لە هێرشەکانی سەر ئێران نەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025، فوئاد حوسێن لەگەڵ ستیڤن فەیگن کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گفتوگۆ کرا لەبارەی گرژییە سەربازییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و جەخت کرایەوە لەسەر ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئابووریی جیهان.
 
فوئاد حوسێن، جەختی لە سیاسەتی نەگۆڕی عێراق کردەوە، کە بەکارهێنانی ئاسمانەکەی رەتدەکاتەوە.
 
ستیڤن فەیگن رایگەیاند: "ئەمریکا مکوڕە لەسەر ئەوەی بەشداری لە هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکات و سیاسەتییان روونە. ویستی راستەقینەی وڵاتەکەم  گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆکان  سەبارەت بە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران و پابەندبوون بە رێگا دیپلۆماسییەکان".
 
هەردوولا جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.