حیزبى دەعوە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات بارەگاکانیان بپارێزن

رووداو دیجیتاڵ

حیزبى دەعوە کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر بارەگاکانیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەکات و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات کاری زیاتر بە مەبەستی پاراستنی بارەگاکانیان بکەن و دەشڵێت، "ناچینە نێو شەڕى لاوەکى لەگەڵ هیچ لایەنێک کە جیاوازى سیاسییان لەگەڵماندا هەبێت"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەوتى سەدر. 
 
17ـی تەمموزى 2023 حیزبی دەعوەى ئیسلامى راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر چەند بارەگایەکى لە چەند پارێزگایەکى عێراق دەکات و بە کارێکی "نایاسایی و بێ پاساو" ناوى دەهێنێت و دەشڵێت، "دەتوانین بەرگرى لە خۆمان بکەین و بارەگاکانمان لە هەر دەستدرێژیەک بپارێزین، بەڵام داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئەرکى خۆیان راپەڕێنن لە پاراستنیان و ئەو کەسانە دەستگیربکەن ئەو رۆڵە تێکدەرانەیان هەبووە".
 
حیزبی دەعوە دەڵێت، ناچنە نێو "شەڕى لاوەکى" لەگەڵ هیچ لایەنێکدا کە جیاوازى سیاسییان لەگەڵیاندا هەبێت، ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ رەوتى سەدر.
 
15ـی تەمموز هەندێک زانیاری لە چەند تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بڵاوکرانەوە کە گوایە سەر بە حیزبى دەعوەن و تێیاندا هاتبوو، محەممەد سادق سەدر، باوکى موقتەدا سەدر پەیوەندى لەگەڵ حیزبى بەعس هەبووە و ئەوەش ناڕەزایی رەوتى سەدرى لێکەوتەوە و لە چەند شارێکى باشوورى عێراق، لایەنگرانی چوونە سەر بارەگاکانى حیزبى دەعوە.
 
حیزبى دەعوە سەرسوڕمانى خۆى لە وروژاندنى ئەو بابەتە لەم کاتەدا دەربڕیوە و داوادەکات کە بەڵگە پێشکێش بکرێت لەبارەى ئەوانەى هۆکار بوون بۆ ئەو "بێڕێزیکردنە" بەرامبەر محەممەد سادق سەدر بۆ ئەوەى رێوشوێنى حیزبى دژیان بگرنەبەر، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆمەتى بێ بەڵگە قبووڵ ناکەن.

 

ڤیدیۆیەک کە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا بەو ناونیشانە "رۆڵەکانی رەوتی سەدر، بارەگاکانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە پارێزگاکانی عێراق دادەخەن"، بڵاوکراوەتەوە: