کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و لێژنەى یاسایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە. بەرپرسێکى کۆمیسیۆن دەڵێت، "هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان تاوتوێ دەکەین."
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 17ى تەممووزى 2023 ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ ئەندامانى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق کۆببنەوە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تەوەرى سەرەکیى ئەو کۆبوونەوەیە باسکردنى ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق و چۆنێتى جێبەجێکردنى یاساى هەڵبژاردن دەبێت.
 
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فه‌رميدا كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 10-07-2023 ئاراسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه ئەو کۆمیسیۆنەکە ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و دوو وادە پێشنیاز کراون بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە؛ یەکەمیان لە 18ى تشرینى دووەمى 2023 و دووەمیشان 18ى کانوونى یەکەم کە ئەمەی دووەمیان هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.
 
17ى تەممووز، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان دەبێت.
 
عیماد جەمیل گوتیشى، "لەسەر بنەماى ئەنجامى ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ لیژنەى یاسایی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیار لەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەدات."
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە، سبەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بکرێت.