دەستپاکیى عێراق: 10 ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلمان لە دوو بەرپرس وەرگرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، پێنج ملیۆن دۆلار و ئۆتۆمبێلێکیان لە بەرپرسێک وەرگرتووەتەوە کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەستی کەوتووە. هەروەها دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی گواستراوە و نەگواستراوەی بەرپرسێکی دیکەدا گرتووە، پێنج ملیۆن دۆلاری بە نایاسایی دەستکەوتووە.
رۆژی 17ى تەممووزى 2023، حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، سێ کاروان پارەیان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە بەهۆى گەندەڵییەوە بەدەست هاتبوون.
حەیدەر حەنوون گوتى: "پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلمان لە بەڕێوەبەرى پێشووى باجى ئەنبار وەرگرتووەتەوە کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەستیکەوتووە و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانى لە جۆرى مارسیدز - جى کڵاس بووە، نرخەکەى 250 هەزار دۆلار بووە."
سەرۆکى دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەشدا، بڕیاردراوە بەشێوەیەکى کاتى دەست بەسەر موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەى یاریدەدەرى پارێزگارى بەغدا بۆ کاروبارى هونەرى بگیرێت کە پێنج ملیۆن دۆلارى موڵک و ماڵەکەى بە نایاسایی زیاد بووە و ئێستا سەرقاڵى گەڕاندنەوەین.