ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکەی کوت زیادی کرد؛ 14 تەرم ناناسرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماری نوێی قوربانییانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوتی راگەیاند و دەڵێت، 61 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون. هەروەها لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ هۆکاری رووداوەکە پێکهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-07-2025 بڵاوکراوەتەوە، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی مارکێتەکەی شاری کوت 61 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 تەرمیان بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە نەناسراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆربەی قوربانییەکان "لەناو گەرماوەکانی باڵەخانەکەدا بەهۆی چڕیی دووکەڵەوە خنکاون."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە "زیاتر لە 45 کەس رزگار بکەن کە لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو."
شەوی رابردوو ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی پێنج نهۆمی لە ناوەڕاستی پارێزگای واست کەوتەوە. باڵەخانەکە چێشتخانە و هایپەر مارکێتێکی لەخۆ گرتبوو کە تەنیا حەوت رۆژ بوو کرابووەوە.
ڤیدیۆی ئاگرەکەی کوت لە ئاسمان و لە نزیکەوە ببینە؛ پارێزگاری واست دەڵێت 50 کەس لە پیاو، ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە pic.twitter.com/Ymf301wqJq
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 17, 2025
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی داوە بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری تەکنیکیی وەزیر و ئەندامێتیی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوان و ژمارەیەک لێکۆڵەری باڵا و پسپۆڕی تەکنیکی، بەمەبەستی "گەیشتن بە هۆکارە راستەقینەکانی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕی و بەرپرسیارێتییەکان بە وردی و شەفافیەت."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لەو لایەنانە ناکات کە کەمتەرخەمییان لە رووداوەکەدا دەسەلمێت و رایگەیاندووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوای تەواوبوونیان، بە شێوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە.