ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ پرسی مووچە و نەوت دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات و پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکات. 
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی حکومی دەکرێت.
 
دوێنێ چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025،  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران وردەکاریی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەیان خستەڕوو، کە لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە دارایی و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.
 
دوای گفتوگۆ و را گۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی بووە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات. هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دوای کۆبوونەوەیان رایگەیاند، پێشوازی لەو لێکتێگەیشتنە دەکەن کە لە بەغدا بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان هاتووەتە ئاراوە.
 
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی دوای ئەو رێککەوتنە، بڕیار لە ناردنی مووچە بدات.