دوای رووداوەکەی کوت سوودانی چەند بڕیارێکی دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری ناوخۆی راسپارد بە شێوەیەکی مەیدانی لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بێت و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لە هۆکارەکانی بکات. هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و تیمێکی پزیشکیی رەوانەی شارەکە کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەمموزی2025، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی رێنمایی بەپەلەی دەرکردووە بۆ بەدواداچوونی کارەساتە دڵتەزێنەکەی شاری کوت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی داوای لە وەزیری ناوخۆ کردووە کە "لێکۆڵینەوەیەکی وردی تەکنیکی بۆ دۆزینەوەی هەموو جۆرە کەمتەرخەمییەک بکات و رێکاری تووند بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریشی داوە تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ بە هەموو پێداویستییەکانیەوە رەوانەی واست بکرێت بۆ "پشتگیریکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری و چارەسەرکردنی برینداران."
محەممەد شیاع سوودانی "سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کردووە و هاوسۆزیی خۆی بۆ دەربڕیون، لە خوای گەورە داواکارە سەبوورییان بدات."
ئاگرەکە درەنگی شەوی رابردوو لە هایپەر مارکێتێکی شاری کوت کەوتەوە. بە گوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی ئاگرەکە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە تەرمی 14یان نەناسراوەتەوە.
محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست، لەراگەیێندراوێکدا، بۆ گیانی قوربانییانی کارەساتەکە، سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی لە پارێزگاکە راگەیاند.
پارێزگاری واست جەختی لەوە کردەوە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و گوتی: "لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا ئەنجامی سەرەتایی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین کە هۆکاری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئەم کارەساتە بووبێت."
محەممەد جەمیل مەیاحی ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵای یاساییان لەسەر خاوەنی باڵەخانەکە، خاوەنی مۆڵەکە و هەموو ئەو کەسانەی دیکە تۆمار کردووە کە لە رووداوەکەدا کەمتەرخەم بوون.
شاری کوت ناوەندی پارێزگای واست-ە و نزیکەی 180 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی عێراق دوورە.