بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان درا


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لە خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنج داوە." 
 
هەڵکەوت عەزیز لە زاری سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە: "ئەمڕۆ ئەستەمە پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، ناردنی پارەکە رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو." 
 
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لەبارەی پەسندکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت: "جیاوازییەکی کەم کراوە لە رەشنووسەکە و ئەمە تاوەکو کۆتایی 2025 بەردەوام دەبێت. دواتر لیژنەیەک دێتە هەرێمی کوردستان و بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەکانی حکومەتی عێراق وەریگرتووە، رەشنووسەکە لەلایەن سەرکردەکانی بەغدا و هەولێر رەزامەندی لەسەر دراوە. "کێشەی لە بەردەم دروست نابێت."
 
بەگوێرەی رەشنووسەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و 50 هەزاریشی بۆ نێوخۆ بەکاربهێنێت.