دەستەی دەستپاکی: مۆڵەکەی کوت دەرچەی فریاکەوتن و سیستمی ئاگرکوژێنەوەی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت کرد و رایگەیاند، باڵەخانەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوە و دەرچەی فریاکەوتنی نەبووە. دەستەکە راشیگەیاندووە، بەرگریی شارستانی لەکاتی کردنەوەی مۆڵەکەدا بەدواداچوونی بۆ رێکارەکانی سەلامەتی نەکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی تەممووزی 2025، دەستەی دەستپاکیی رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هایپەر مارکێتەکەی کوت کردووە.
تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی واست، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دادوەریی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، سەردانی مەیدانیی شوێنی رووداوەکەیان کردووە و پشکنینیان بۆ باڵەخانە پێنج نهۆمییەکە کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی دەستپاکی، تیمی لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوتووە کە باڵەخانەکە سیستەمێکی تەواوی ئاگرکوژێنەوەی تێدا نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی نهۆمەکانی دیکەش بگرێتەوە. هەروەها، نەبوونی دەرچەی فریاکەوتن زیانی گیانی زیاتر کردووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ بەدواداچوونێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانییەوە بۆ سیستمی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی کردنەوەی سەنتەرەکەدا نەکراوە.
دەستەکە رایگەیاندووە، تیمەکە راپۆرتێکی ئامادە کردووە و پێشکێشی دادوەریی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی کردووە. دادوەریش بڕیاریداوە هەموو بەڵگەنامە و کۆنووسە سەرەتاییەکانی تایبەت بە رێکارەکانی سەلامەتی گشتی و تێبینییەکانی بەرگریی شارستانی بە دۆسیەکەوە ببەسترێنەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رووداوەکەدا 61 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 تەرمیان بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە نەناسراونەتەوە، زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە خنکاون.