ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا: بێ ئۆتۆمبێل و پاسەوانین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رەتیدەکاتەوە لە دەرەوەی مووچەکەیان پارەیان وەرگرتبێت و دەشڵێت، "بێ ئۆتۆمبێل و پاسەوانین."
 
عامر داوود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رۆژی شەممە 17-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،"تاوەکو ئێستا هیچ دەرماڵەیەک، پارەی کاش و ئۆتۆمبێلمان وەرنەگرتووە. ئەوەی لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی ئێمە دەگوترێت، راست نییە."
 
چەند رۆژێکە هەندێک پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن، گوایە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق چەندین ملیۆن دینار پارەی کاش و ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە و پاسەوانیان بۆ دابینکراوە، بەڵام عامر فەیلی ئەو پۆست و دەنگۆیانەی بە ناڕاست ناوبردن.
 
سەبارەت بە مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، عامر داوود فەیلی گوتی، مووچەی پلەی بەڕێوەبەری گشتییە لەگەڵ هەژمارکردنی بڕوانامە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا گوتی، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس نزیکەی 2 ملیۆن و 600 هەزار دینار وەردەگرێت و لەگەڵ هاوژینی و منداڵ دەگاتە دوو ملیۆن و 750 هەزار دینار؛ هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی دەگاتە دوو ملیۆن و 100 هەزار دینار؛ ئەوانەی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە، مووچەکانیان دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن دینار.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە سەرۆک و جێگرەکەیەوە 50 کەسن.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێ، "داوای پاسەوانمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆمان بەدەستنەگەیشتووە"؛ گوتیشی،"چەند مانگێکە دەستبەکاربووین و  نە ئۆتۆمبێلمان پێدراوە و نە پاسەوانمان بۆ دابینکراوە."