هەواڵی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی و ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەڵبژاردن رەتدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە رەتیدەکاتەوە ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیێتییەکە بەربژێر بێت تاوەکو دووربخرێتەوە. کۆمیسیۆنیش نووسراوێک رەتدەکاتەوە لەبارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم و دەڵێ: "ساختەیە".
 
17ـی ئابی 2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی ئەو هاوپەیمانێتییە، لە رکابەریی هەڵبژاردن رەتکرابێتەوە.
 
ئەو هاوپەیمانیێتییە ئاماژەی بەوەداوە عەباس عامری بەربژێر نییە تاوەکو دووربخرێتەوە و ئەو ناوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا لێکچوون لەنێوانیاندا هەیە وەک ناو و نازناو.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئاب، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی 281 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە دۆسیەکانیان تایبەت بوون بە پێشینەی تاوانکاری و یاسای لێپرسینەوە و دادوەری.
 
لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوێکی دیکە بەناوی کۆمیسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، لەبارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، لە رکابەریی هەڵبژاردن کە لە سنووری پارێزگای بەغدا بەشداری دەکات.
 
موهەنەد سەراج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەو نووسراوە "ساختەیە" و هیچ نووسراوێکی لەو جۆرە لەبارەی رێگری لە بەربژێربوونی محەممەد حەلبووسی بۆ ئەوان نەچووە.
 
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێران لە چوارچێوەی رێکارەکانی یاسای هەڵبژاردنە، بەرلەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێران پەسەند بکات.
 
بڕیارە لە 10ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. تێیدا نزیکەی 8 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان.