دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دیکەی لە دژی پرۆژەی رووناکی رەتکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو سکاڵایەی لەلایەن ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی ئیسلامیی کوردستانەوە لەسەر نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی تۆمار کرابوو، لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رەتکرایەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنی لە بارەی ئەو سکاڵایە کرد و رەتیکردەوە. سکاڵاکار داوای لە دادگە کردبوو کردبوو، خشتەی نرخی کارەبا کە لە بڕیاری ژمارە 280ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 15ی ئایاری 2025 دیاریکراوە، بە نادەستووری بناسێنێ. 
 
عومەر گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی کۆمەڵی دادگەریی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت: "دادگەی فیدراڵی، بە پاساوی ئەوەی بابەتەکە لە تایبەتمەندی ئەودا نییە، سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە."
 
ئەوە دووەم سکاڵایە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی لە بارەی پرۆژەی رووناکی رەتدەکرێتەوە. پێشتر لە 28ـی حوزەیرانی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دیکەی رەتکردبووەوە، کە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرابوو.
 
پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، رۆژی 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی لە پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
 
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس