لە نەجەف کچێکی 13 ساڵان بە دەستی باوک و براکەی کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەجەف رایگەیاند، کچێکی 13 ساڵان دوای ئەوەی بە کوژراوی و بە ئاسەواری ئەشکەنجەدانەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە، دەرکەوتووە لەلایەن باوک و براکەیەوە کوژراوە. برا 18 ساڵانەکەی دەستگیرکراوە و باوکیشی هەڵاتووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، دایکێک و کوڕەکەی، تەرمی کچێکی تەمەن 13 ساڵانیان بە ناوی "روقیە" گەیاندە نەخۆشخانەی ئیمام سەجاد لە شارۆچکەی عەباسییەی سەر بە پارێزگای نەجەف، بەڵام پزیشکەکان دەڵێن، کچەکە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو.
محەممەد حەیدەر، پزیشک لە نەخۆشخانەی ئیمام سەجاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کە گەیشتە لامان گیانی لەدەستدابوو، هەموو چالاکییەکی لەدەستدابوو. هەموو جەستەی مۆر و برین بوو، هەروەها لەسەر قاچی چەپ و لووتی برینی هەبوو."
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف، برا 18 ساڵانەکەی روقیە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی، "بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە" لەگەڵ باوکی پەلاماری خوشکەکەیان داوە. باوکی کچەکە هەڵاتووە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بەردەوامن.
رووداوەکە کە لە گوندی ئەبو غەریبی شارۆچکەی عەباسییە روویداوە، کاردانەوەی تووندی دانیشتووانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە. فاتیمە حەمزە، ژنێکی دانیشتووی ناوچەکەیە و دەڵێت: "ئەوەی وا لە کچەکەی بکات، زیندان کەمە بۆی، دەبێت لە سێدارە بدرێت، بۆ ئەوەی ببێتە وانە بۆ کەسانی دیکە."
هاوکات، عەلی مەزڵووم کە مامۆستایە، پێیوایە "لاوازیی یاسا" هۆکارە و دەڵێت: "ئەگەر باوکێک بزانێت یاسا لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵ دەکات، ئەو کارە ناکات."