کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نموونەی فۆرمی دەنگدان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نموونەی فۆرمی بەربژێرەکانی بۆ رۆژی دەنگدان بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو نموونەیەی کۆمیسیۆن بڵاوی کردووەتەوە، هاووڵاتیان دەتوانن وێنەی فۆرمی رۆژی هەڵبژاردنی بازنەکانی خۆیان ببینن و بە ئاسانی ئەو بەربژێرە دەستنیشان بکەن، کە دەنگی پێدەدەن.
لە فۆرمەکەدا ناوی بەربژێر و ژمارەیەکەی و لۆگۆی لیستەکەی دانراوە. ئەوانەشی بەربژێری سەربەخۆن، ناو و وێنە و ژمارەکەیان لەسەر فۆڕمی دەنگدان هەیە.
بەپێی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆن کە 16-9-2021 بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی نزیکەی 17 ملیۆن کارتی چاپکراوی بایۆمەتریی دەنگدان، نزیکەی 14 ملیۆنیان دراونەتەوە هاووڵاتیان. هەروەها دابەشکردنی کارتەکان تاوەکوو دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
رۆژی 8-9-2021، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو کاغەزەی دەنگدان کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەکاردەهێندرێت زۆر جیاوازە لەو کاغەزانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەکارهێندران؛ چونکە لە رووی ئەمنییەوە پارێزراوە و کۆدی تایبەتی لەسەرە کە تەنیا بە تیشکی ژێر وەنەوشەیی دەبیندرێت؛ تەنانەت کاغەزی دەنگدان لە رووی پێکهاتەی ماددییەوە جیاوازە و بە کاغەزی ئاسایی ناچێت".
هەروەها رۆژی 13-9-2021 نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو ئامرازەی کە بۆ دەستنیشانکردن و دەنگدان لەسەر کاغەزی دەنگدان بەکاردەهێندرێت مۆرە و پێنووسی ئاسایی نییە، تەنانەت ئامێری سکانکردن و خوێندنەوەی دەنگەکان هیچ هێما و نووسینێک بە پێنووسی ئاسایی لەسەر کاغەزی دەنگدان ناخوێنێتەوە، واتا هەر کاغەزێکی دەنگدان بە پێنووسی ئاسایی لەسەری نووسرابێت بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت و دەنگەکەی هەژمار ناکرێت".
بڕیارە رۆژی 10ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.