نیڤشکانێک لەسەر شەقامەکانی بەغدا دەخەوێت: سەرۆکوەزیران لێرەوە دەڕوات و ئاوڕم لێ ناداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رائید چەلوب نیڤشکانە و تەمەنی 52 ساڵە، مووچەی نیڤشکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی نییە و ئەندامی هیچ کۆمەڵەیەکی نیڤشکانیش نییە، لەسەر شەقامەکان دەخەوێت و دەڵێت: زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق لەوێوە تێدەپەڕن، بەڵام کەسیان ئاوڕی لێ نادەنەوە.
رائید چەلوبی 52 ساڵ، لەبارەی دۆخ و گوزەرانییەوە بە رووداوی گوت، "تەنانەت سەرۆکوەزیرانیش لێرەوە تێدەپەڕێت، بەڵام [بەرپرسان] ئاوڕم لێ نادەنەوە و ناڵێن ئەم کوڕە بەستەزمانە."
بەپێی یاسای ژمارە 38 ـی ساڵی 2013 ـی پەرلەمانی عێراق، ئەو هاووڵاتییانەی نیڤشکانن، مافی خوێندن و چاودێری و چارەسەرکردنیان لەسەر حکومەتە، بەڵام گلەیی زۆریان لە جێبەجێنەکردنی یاساکە هەیە.
کامیل فەروەچی، قوربانییەکی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە قاچێکی لەدەستداوە، ئێستا جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی نیڤشکانەکانە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "گەورەترین بەربەست کە رووبەڕوومان دەبێتەوە، بەربەستی یاسادانانە، هەرچەندە یاسای ژمارە 38 مان هەیە، بەڵام تائێستا پێویستمان بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یاسایە هەیە بەشێوەیەکی ورد، بۆ ئەوەی مافەکانی [کەسانی] نیڤشکان بەردەستبێت."
بەربەستێکی دیکە لە بەردەم ئەو کەسانەی نیڤشکانن، دەستنەکەوتنی هەلی کارە، بە تایبەت ئەو کەسانەی خوێندنیان تەواوکردووە.
لەمیا قەیسی، خانمێکی نیڤشکانە، دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە هەلی کار بۆ نیڤشکانان، وەکو خەڵکی دیکە نییە، ئەمە هەموو کەسێک دەزانێت، بەربەست هەیە و بەربەستەکانیش زۆرن."
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەی 220 هەزار نیڤشکان دەدات کە بڕەکەی 170 هەزار دینارە، بە نووسراوێکیش داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو بڕە پارەیەیان بۆ زیاد بکەن.
نەجم عوقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باس لەوەدەکات، "گرنگیی تەواو بەو چینە دەدرێت، هەوڵێک هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە و چاککردنی مووچەکەیان لە 170 هەزارەوە بۆ 260 هەزار دینار، نووسراوەکەش بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە."
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی نیڤشکان بڵاوکراوەتەوە، عێراق خاوەنی زیاتر لە شەش ملیۆن نیڤشکانە کە دەکاتە 15% دانیشتووانی وڵاتەکە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقیش تەنیا لەماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش دا، زیاتر لە 50 ھەزار کەس برینداربوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 30 ھەزار کەس نیڤشکان بوون، ھاووڵاتیی سڤیل و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکانیشیان تێدایە.