موقتەدا سەدر: بۆ ئاو دەرگای دیالۆگ لەگەڵ تورکیا بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە داوادەکات رێکار بگیرێتەبەر بۆ چارەسەری قەیرانی ئاو لە عێراق، لەوانەش کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ تورکیا.
 
ئەو داوایەی موقتەدا سەدر لە نووسینێکدا بوو، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە.
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە نووسیویەتی، "ئەوە روونە قەیرانی جیهانی ئاو گەیشتووەتە عێراق و زەنگی مەترسی لێداوە، بەتایبەت یەدەگی ئاو لە عێراق دەستى بە نەمان کردووە، ئەوە جگە لە کەمی ئاوی باران، رووبار و قەتیسبوونی".
 
موقتەدا سەدر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە رێکاری پێویست و بەپەلە لەو بارەیەوە بگرنەبەر، لەوانە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ تورکیا، زیادکردنی پشکی ئاو، رێوشوێنی ناوخۆیی بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو لە رێگەی بنیاتنانی بەنداو لە ناوچەی گونجاو، دروستکردنی کۆگاى ئاو و سزادانی ئەوانەی کە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا دەکەن، هەروەها پاککردنەوەی ئاو بۆ خواردنەوە و پشتبەستن بە بیر بۆ ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.
 
ئێستا پشکی ئاوی عێراق لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات کە سەرچاوەکانیان تورکیایە، نزیکەی 320 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە زیاتر لە 400 مەتر سێجایە.
 
موقتەدا سەدر ئاماژە بەوە دەکات هەر دواخستنێک زیانی تەندروستی و کشتوکاڵی و زیانی دیکەی دەبێت، کە لە ئەستۆی بەرپرسانی پەیوەندیدارە و گەلی عێراق لێی زەرەمەند دەبن، لە دوای ئەوەی لە قەیرانی کارەبا و قەیرانی دیکە زەرەمەند بوون.
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت، "وەک ئەوانە نەبن کە گەلەکەیان لەبیر کرد و لە گەرمەی ململانێی هەرێمیدا، کە ئەگەر هەیە کاریگەری لەسەر عێراقیش هەبێت".