کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ رووداو: سزاکەى ئەمریکا بۆ سەرمان چاوەڕوانکراو بوو
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی سەیدولشوهەداى عێراق لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی گرووپەکەیان رایگەیاند، ئەو بڕیارە "چاوەڕوانکراو بووە"، بەڵام کاریگەری لەسەریان نابێت.
چوارشەممە، 17ی ئەیلوولی 2025، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپەکەی چاوەڕوانکراو بووە و پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرەیان ناوە.
کازم فەرتووسی گوتی: "ئەو جۆرە بڕیارانەی ئەمریکا پێوانەکردنە بە دوو پێوەری جیاواز".
ئەو کاردانەوەیەی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا دوای ئەوە بوو، کە ئەمڕۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: وەزارەتەکەی بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و کەتیبەکانی ئیمام عەلیی عێراقی خستووەتە لیستی رێکخراوە "تیرۆریستییە بیانییەکان"ەوە.
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی واشنتن، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند: "هیچ چالاکییەکمان لە دەرەوەی عێراق نییە، تاوەکو ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەرمان هەبێت".
کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی بەشدارە، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتییەتی.
کازم فەرتووسی پێیوایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق و گوتی: "پێشبینی دەکەین وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە کاردانەوەی هەبێت".